College Events‎ > ‎

ئەنجامدانی چالاکی زانستی لە ڕۆژی جیهانی زمانی دایک

posted Feb 20, 2017, 1:50 PM by Shwan Kamal Rachid   [ updated Feb 20, 2017, 1:55 PM ]
ڕۆژى ٢١ى شوباتى هەموو ساڵێک ڕۆژى جیهانیی زمانیی دایکە، دیاریکردنى ئەم ڕۆژەش بە ڕۆژی زمانیی دایک لە لایەن ڕێکخراویی زانست و کەلتوریی نەتەوەیەکگرتووەکان (یونسکۆ)وە، لەساڵى ١٩٩٩ز دەگەڕێتەوە بۆ پێشنیازیی وڵاتى بەنگلادیش، دیارە ئەمەش پشت بەستە بەڕووداوێکى مێژوویی، لە ساڵى ١٩٤٧ەوە، کاتێک کە وڵاتى پاکستان، لەسەردەمى فەرمانڕەوایی (موحەمەد عەلى جیناح)، کە دەیویست زمان و کەلتورى بەشی ڕۆژئاواى ئەو وڵاتە، بەسەر زمان و کەلتورى بەشی ڕۆژهەڵاتیدا بسەپێنێت، کە بەشی ڕۆژهەڵاتى لەڕووى ڕەگەزی نەتەوەییەوە (بەنگالى) بوون، واتە دەیەویست بە هێز زمان و کلتوریی بەشی ڕۆژئاوای، کە زمانى (ئۆردوو) بوو بسەپێنێت، بەسەر گەلى بەنگالیدا، بۆیە خوێندکارانى زانکۆو خەڵکە ڕۆشنبیرەکەى گەلى بەنگالى ئەمەیان قەبوڵنەکرد و چەندین ڕێپێوان و خۆپیشاندانى هێمنانەیان ڕێکخست بۆ ڕەتکردنەوەى ئەمجۆرە بڕیارەو لە ئەنجامدا چەندین قوربانى لێکەوتەوە و چەند خوێندکارێکى زانکۆ کوژران، بۆیە ئەم ڕووداوە بە سەربەخۆیی گەلى بەنگالى و دروستکردنى وڵاتى بەنگلادیش لە ساڵى ١٩٥٢ز ئەم ڕۆژەیان بە فەرمى کرد بە ڕۆژى زمانیی دایک، هەربۆ ڕێزگرتن لەو قوربانیانەو پاراستنى مافى خوێندن و قسەکردن بە زمانیی دایک و هێشتنەوەى فرەیی زمانیی ئەم ڕۆژە بووە ڕۆژى جیهانیی زمانی دایک و لە ئێستادا لەزۆربەى وڵاتەکاندا یادیدەکرێتەوەو سیمینارو بۆنەى تایبەتى بۆ ڕێکدەخرێت. هاوکات سەبارەت بە زمانى کوردیی، کە یەکێکە لەو زمانانەی کە خاوەن مێژوویەکى دێرینەو کۆنى ناوچەکەیەو وەک فاکتەرێکى بەهێز بوون و مانەوەى کوردیی وەک نەتەوەیەکى بێکیان لەناوچەکەدا کردووەتە ئەمرى واقیع، چونکە لە بیرمان نەچێت زمانى کوردیی وەک پارێزەرێکى بەهێز توانیویەتى لەبەردەم هەورازو نشێوییەکانى ڕۆژگاردا خۆى ڕابگرێت و ناسنامەى نەتەوەى کوردیش وەک نەتەوەیەکى زیندوى ناوچەکە بپارێزێت. هەر لەسەر ئەم بنەمایەیە، ئێمە وەک بەشی زمانى کوردیی لە زانکۆى چەرموو ئامانجمانە لە (ڕۆژى نێونەتەوەیی زمانى دایک)دا، بۆ پاراستنى شوناس و ناسنامەى نەتەوەیی و زمانییمان، چەند چالاکییەکى زانستیی ڕێکبخەین، لەسەر ئاستى زانکۆى چەرموو، بە ئامادەبوونى مامۆستایان و فەرمانبەران و خوێندکارانى زانکۆى چەرموو، چونکە پێمانوایە پاراستنى زمانى کوردیی و خزمەتکردنى زمانەکەمان لە کایە جیاوازەکاندا، بە ماناى پاراستنى شکۆى تاکى کوردو ئاسایشی نەتەوەیی کوردە، لەبەرئەوەى زمان یەکێکە لە ڕەگەز گرنگەکانى دروستبوونى نەتەوە، لە پاڵ ڕەگەزەکانى وەک: (مێژوو، ئایین، کلتور، خاک، ....هتد).

زانیاری دەربارەی ئەو چالاکییەکە کە لەلایەن بەشی کوردی کۆلێژی پەروەردەی زانکۆی چەرموو ڕێکخراوە:

١- شوێنى یادەکە، کتێبخانەى ناوەندی زانکۆ - کۆلێژى پەروەردە، کات (١٠:٣٠)ى سەرلەبەیانى.
٢- سەرەتاى بەرنامەکە، وەستانى چەند چرکەیەک بۆ گیانى پاکى شەهیدان دەستپێدەکات. پاشان وتارى بەخێرهاتن، لەڕێى بەڕێز ڕاگرى کۆلێژەوە دەخوێنرێتەوە، دواتر وتەى نوێنەرى بەڕێز سەرۆکى زانکۆ.
٣- دوو هۆنراوەى کورت لەلایەن دوو خوێندکارەوە دەخوێنرێتەوە. دواتر پێشکەشکردنى پارچە مۆزیکێک.
٤- لە کاتژمێر ١١ى ڕێک دەستپێکردنى سیمینارى یەکەم بە ناونیشانى: (با ڕۆژى جیهانى زمانى دایک بکەینە ڕۆژى بەرگرییکردن لە زمانەکەمان)، کە لەلایەن (مستەفا ڕەزا)، واتە براى بچووکتان، پێشکەشدەکرێت. دواتر وتارێکى کورتى (پ.د.وریا عومەر ئەمین) زمانەوان، لەلایەن بەڕێز د.سامان عزالدینەوە دەخوێنرێتەوە. 
٥- سیمینارى بەڕێز م.مەریوان حوسێن فەرحان لەسەر (زمان لەقۆناغە جیاوازەکانى ئەدەب)دا.
٦- بەرنامەکانى کۆتایی بابەتێکی تەرفیهى دەبێت بۆ خوێندکاران
Comments